چالاکێکی خوێندکاریی کورد لەزانکۆی ورمێ دەرکرا + بەڵگە

14:21 - 20 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی خوێندکاریی کورد بە بڕیاری حیراسەتی زانکۆی عیلمی ـ کاربوردیی شاری ورمێ لە خوێندن بێبەش کرا.

مەجید تیباش چالاکی خوێندکاری بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ \"ساڵی رابردووی خوێندن لە کاتێکدا لەزانکۆ کۆنفڕانسم هەبوو، بەهۆی ئەوەی کە باکگراواندی لاپتۆپەکەم ئاڵای کوردستان بوو و لەسەر پرۆژێکتۆر پیشان درا، لەلایەن بەرپرسی حیراسەتی زانکۆەوە لاپتۆپەکەم زەوت کرا و دواتر شکێندرا\".

ئەو خوێندکارەی تێرمی ٥ی کارناسیی باڵای زانکۆی عیلمی ـ کاربوردی ئەوەشی خستەڕوو، دوابەدوای ئەوەی سەردانی حیراسەتی زانکۆم کرد، بەرپرسی زانکۆ وێڕای ئەوە کە ناسنامەکەمی لەبەر چاوی خۆم خستە نیو ئاو و سووکایەتی بە من کرد، ئاگاداری کردمەوە کە بۆ ماوەی یەک ساڵ لە خوێندن بێبەش کراوی و دەبێ زانکۆ بەجێ بهێڵێت.

\"15987.jpg\"
مەجید تیباش چالاکی خوێندکاری شاری ورمێ لە خوێندن بێبەش کرا.
مەجید ئاماژەی بەوەش کرد، \"لەکاتێکدا ئەمساڵ بە مەبەستی ناونووسی سەردانی زانکۆم کرد، بەرپرسی حیراسەت پێی راگەیاندم کە ئێمە خوێندکاری \"سیاسی\" وەرناگرین و نیزام پێویستی بە خوێندکاری وەکوو تۆ نییە\".

ئەو چالاکە خوێندکارییەی زانکۆی عیلمی ـ کاربوردی باسی لەوەش کرد، دوابەدوای ئەوەی حیراسەتی زانکۆ بەو شێوەیە هەڵسووکەوتی لەگەڵ کردم، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کرام و بۆ ماوەی سێ رۆژ لەلایەن مەئمورانی ئەو ئیدارەیەوە لێپرسینەوەم لێکرا.

\"15986.jpg\"
ناوبراو ئاشکرای کرد، رێکەوتی ١٧ی مانگی خەزەڵوەری داهاتوو لە دادگای ئینقلابی شاری ورمێ دادگایی دەکرێم و ئەگەری ئەوە هەیە کە بەرەوڕووی حوکمی زیندان ببمەوە.

تیباش وتیشی، هەنووکە ماوەی چەند مانگێکە هێـزە ئەمنییەکانی شاری ورمێ بە بیانووی جۆراوجۆرەوە دێنە ماڵی ئێمە و سەرجەم ژوورەکان دەپشکنن.

بێبەش کرانی ئەم چالاکە خوێندکارییەی زانکۆی ورمی لەکاتێک دایە کە چەند رۆژ پێش ئیستا \"جەعفەر تۆفیقی\" سەرپەرستی \"وەزارەتی عولووم\" سەبارەت بە گەڕانەوەی خوێندکارانی بێبەش کراو لە خوێندن بە هۆکاری سیاسییەوە رایگەیاندبوو، \"جیا لەوەی کە چ ناو و ناتۆرەیەک لەسەر خوێندکاران دادندراوە، سەرجەم هەوڵەکەنمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی کە هیچ کەسێک بەهۆی بیروباوەڕی سیاسی و چالاکیی خوێندکارییەوە، لە خوێندن بێبەش نەکرێت\".