چالاکێکی خوێندکاریی خەڵکی کرماشان بەناچاری زێدی خۆی بەجێهێشت + وێنــە

15:34 - 31 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی رۆژانی رابردوودا چالاکێکی خوێندکاریی خەڵکی کرماشان و هەروەها هاوسەری یەکێک چالاکانی ژن لە شاری سنە بەهۆی فشاری دەزگای قەزایی و هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە روویان لەدەرەوەی وڵات کرد.

\"ئەفشین کەریمیان نەسەب\" خوێندکاری کوردی خەڵکی کرماشان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، \"پاش ئەوەی چەند رۆژ پێش ئێستا بانگهێشتی دادگا کرام و بەهۆی ئەوەی کە ١٠ ساڵ زیندانیی هەڵپەسێراوم بەسەردا سەپابوو، هەستم بەوە کرد کەلە ئەگەری خۆناساندن بە دادگا بەرەوڕووی دەستبەسەر کران و جێبەجێ بوونی ئەو حوکمە دەبمەوە، بۆیە بەناچاری زێدی خۆمم بەجێهێشت\".

\"14784.jpg\"
ئەفشین کەریمیان نەسەب، خوێندکاری کوردی خەڵکی کرماشان
ئەو خوێندکارەی زانکۆی ئازادی ئسلامیی تاران باسی لەوەش کرد، ساڵی ١٣٨٨ لەلایەن هێـزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٤ رۆژ لە ئیدارەی ئیتلاعات کرماشان لە دەستبەسەریدا بووم و دواتر بە تەیارە بۆ زیندانی ئێڤینی تاران گوازرامەوە کە پاش ٢ مانگ لە دەستبەسەری بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرام\".

ئەو چالاکە خوێندکارییە لەلایەن هێــزە ئیتلاعاتییەکانەوە بە \"هاوکاری لەگەڵ حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی حکوومەتی ئێران، هاندانی خوێندکاران بۆ توند و تیژی بە مەبەستی رووخاندنی نیزام\" تاوانبار کراو دواتر لەللایەن لقی ١٦ی دادگای ئیقلابی تارانەوە حوکمی ١٠ ساڵ زیندانیی هەڵپەسێراوی بۆ بڕایەوە.

ئەفشین کەریمیان نەسەب خوێندکاری رشتە زانستە سیاسییەکان و یەکێک لە چالاکانی خوێندکاریی زانکۆی ئازادی ئیسلامیی تاران بوو کە لە ماوەی خوێندنی لەو زانکۆیەدا رۆڵێکی بەرچاوی لە چالاکییە خوێندکارییەکانی ئەو زانکۆیەدا بینیوە.

ئەو چالاکە کوردە یەکێک لە ئەندامانی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی کانوونی پارێزەرانی ئوستانەکانی \"کرماشان و ئیلام\" بووە.

لەلایەکی دیکەوە \" فایەق غەریبی\" هاوسەری \"شەیدا قەوامی\" بە هۆی فشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بەناچاری زێدی خۆی بەجێهیشت.

\"14785.jpg\"
\" فایەق غەریبی\" هاوسەری \"شەیدا قەوامی\" بە هۆی فشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بەناچاری زێدی خۆی بەجێهیشت.
شەیدا قەوامی هاوسەری فایەق غەریبی یەکێک لە چاکانی ژنان لە شاری سنە، مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٣٨٧ لەلایەن هێـزە ئیتلاعاتییەکانی شاری سنەوە دەستبەسەر و پاش ٢ مانگ بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی شاری سەقز گوازرایەوە.

شەیدا قەوامی ساڵی ٨٧ لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سەقزەوە بە سەرۆکایەتی \"شایەق\" بەتاوانی \"تەبلیغ بە دژی نیزام و هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی و پێکهێنانی گروپێکی نهێنیی ژنان\" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا کە پاش تێپەڕاندنی ٤ سال لەو حوکمە لە زیندان ئازاد کرا.

فایەق غەریبی هاوسەری ئەو ژنە چالاکەی خەڵکی شاری سنە، دوابەدوای هاتنە دەرەوەی هاوسەرەکەی لە وڵات، بەرەوڕووی فشاری هێزە ئیتلاعاتییەکان بوویەوە کە بەناچاری رووی لە وڵاتی تورکیە کرد و خۆی بە کومیساریای باڵای پەنابەرانی ئێــران ناساند.