چالاکییەکی ژینگەپارێزی لە "کانی لۆسە"ی بادیناوێی پیرانشار بەڕێوە چوو

13:04 - 18 گەلاوێژ 2720

ڕۆژی هەینی ١٧ی گەلاوێژ، بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی پیرانشار، چالاکییەکی ژینگەپارێزیی بەرین لە دۆڵەنێ و سەیرانگەی تاڤگەی کانی ‌لۆسە بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی ژینگەی کوردستان، هاوڕێیان: "موختار خەندانی، بیلال ئەمینی و یاسین کەریمی" و یادێک لە شەهیدان "شەریف باجوەر و ئومێد کۆنەپۆشی''، هەروەها پشتیوانی لە "زارا محەممەدی" مامۆستای زمانی کوردی و تانە لە حوکمی سەپێندراو بەسەر ئەو مامۆستایەدا، بەڕێوە چوو.

لەو چالاکییەدا وەکوو چالاکییەکانی پێشوو، باس لە مەترسییەکانی سەر ژینگە و چۆنیەتیی پاراستنی بۆ ئامادەبووان کرا و جەخت لەسەر بەردەوامیی ڕێگەی پیرۆزی پاراستنی ژینگە و نیشتمان وەکوو دووانەی لێک دانەبڕاو کرایەوە.

دواتر لەلایەن ڕێکخراوەی ژینگەپارێزانی پیرانشار، "محەممەد بەزمارا" وەکوو کەسایەتییەکی مەزن، ژینگەدۆست و ماندوونەناسی شاری "میراوێـ"ـی سەردەشت، بە ئامادەبووان زیاتر ناسێندرا و سپاسی دەیان ساڵ هەوڵ و تێکۆشانی بەڕێزیان کرا.

 لەسەر پێشنیاری ناوبراو، ٥ نەمامی چنار وەکوو ڕێزێک بۆ ٥ شەهیدی ژینگەپارێزی کوردستان و بە بەشداریی هاوڕێیان پێشکەش بە ژینگە کران و لە شوێنی بەڕێوەچوونی هەڵمەتەکە چێندران.

هەروەها شوێنی چاندنی نەمامەکان، لەلایەن ناوبراوەوە، "گۆڕی چناران" نێودێر کرا.

دوای نیوەڕۆ و لە کاتی گەڕانەوەی ژینگەپارێزان و کۆمەڵێکی بەرچاو لە خەڵک، تەواوی ناوچەکە لە زبڵ و پاشماوەکان خاوێن کرایەوە.

 لە چالاکیی ڕۆژی هەینی، ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنان و کچانی نیشتمان بەشدار بوون و ئەوانیش وانەی پاراستنی ژینگەی نیشتمانیان فێری ڕۆڵەکانیان کرد.