٨ چالاکی ئایینی لە سنە دەسبەسەر کران

11:50 - 5 جۆزەردان 2720

لە سەرەتای مانگی ڕەمەزانەوە، ٦ چالاکی ئایینی بە ناوەکانی "پەیمان و محەممەدعەلی ئێران ‌پەنا، فواد زارعی، ڕەزا تەلیوار، مامۆستا محەممەد سەهیب عەلیمورادی و سەید محەممەد حوسێنی"، لە  قوتابخانەی ئایینیی مزگەوتی "ئیبراهیم خەلیلوڵڵا" لە گەڕەکی "کانی کوزەڵە"ی سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

ئەو ٦ چالاکە مەزهەبییە بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کراون و لە "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان" بێبەری کراون.

ڕۆژی شەممە ٣ی جۆزەردان، چالاکێکی ئایینیی دیکە بە ناوی "سەلاحەدین خدری" لەگەڵ ئەو ٦ چالاکە ئایینییە دەسبەسەر و بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.

هەروەها مامۆستا "حوسێن عەلیمورادی"، بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئایینیی مزگەوتی "ئیبراهیم خەلیلوڵڵا" لە سەرەتای مانگی ڕەمەزانەوە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کراوە و لەلایەن مەئموورانی ئەو ناوەندە ئیتلاعاتییە لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و بانگهێشتکردنی چالاکانی ئایینی هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.