چالاکانی مەدەنیی سنە کەمپەینێکیان بۆ پێشگیری لە کۆرۆنا لەو شارەدا دامەزراند

11:57 - 26 جۆزەردان 2720

ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنیی سنە بۆ پێشگیری لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، باسیان لە ڕێخستنی کەمپەینێک لەژێر ناوی "من ماسک لێدەدەم" (من ماسک می‌زنم)، کردووە.

یەکێک لە رێکخەرانی ئەو کەمپەینە لەو پەیوەندییەدا بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "سنە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابروودا بەهۆی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، زۆربوونی ڕێژەی قوربانییانی خەرێکە دەبێتە قەیرانێک و لەو پەیوەندییەدا، ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی بۆ زیاتر پێشگیریکردن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، کەمپەینی من ماسک لێدەدەمیان دامەزراندووە".

ئەو چالاکە مەدەنییە هەروەها ڕایگەیاند: "هاووڵاتییانی سنە پێشوازییەکی باشیان لەو کەمپەینە کردووە و داواش دەکەین هاووڵاتییان ڕێوشوێنە تەندروستییەکان بۆ پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە لەبەرچاو بگرن".

چەند ڕۆژ پێشیش، ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزیی سنە، لە نامەیەکدا بۆ ستادی پێشگیری لە کۆرۆنا، خوازیاری دابڕگەی (قەرەنتینەی) تەواوی شاری سنە بوون.

ئەو چالاکانە لەو نامەیەدا، نیگەرانیی خۆیان لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەربڕیوە و قەرەنتینە بە تەنیا ڕێگای کۆنترۆڵ و کەمکردنەوەی زیانەکانی کۆرۆنا دەزانن.