چالاکانی سیاسی و مافی مرۆڤ نامەیەکیان بۆ ڕێکس تەیلەرسۆن نووسی

15:35 - 9 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی و مافی مرۆڤ لە نامەیەکەدا بۆ وەزیری دەرەوەی ئامریکا پشتیوانیی خۆیان بۆ گۆڕینی حکوومەتی ئێران دەربڕی.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕێکەوتی ٣١ی جۆزەردان، ١١١ چالاکی سیاسی، مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووس و شرۆڤەکاری نێوخۆیی و دەرەوە داوای گۆڕینی حکوومەتی ئێرانیان کرد.

ئەو ١١١ کەسە لە نامەیەکدا بۆ ڕێکس تەیلەرسۆن وەزیری دەرەوەی ئامریکا خوازیاری گۆڕینی حکوومەت و هەروەها گەیشتن بە وڵاتێکی ئازاد و دێموکرات بوون.

لەو نامەیەدا ئەو گرووپە لە چالاکە سیاسی و مەدەنیانە پشتیوانی خۆیان لە گۆڕینی حکوومەتی ئێران دەربڕیوە.

لەو نامەیەدا باس لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی لە ئێراندا کراوە کە هەزاران کەس دژی ئاکامی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری هاتنە سەر شەقام و داوای دێموکراسیان کرد و دەنگی ئازادیخوازانەیان بە جیهان گەیاند.

هەروەها لەو نامەیەدا باس لە سەرکوتی بەرینی حکوومەتی ئێران، پەرەدان بە بەرنامەی مووشەکی و پشتیوانی ئەو ڕێژیمە لە ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان لە سەرتاسەری جیهان و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست‌ کراوە.

دوای سەرکەوتنی دۆناڵد ترامپ سەرکۆماری ئامریکا ژمارەیەک لە ڕۆژنامەوانان و چالاکانی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران لە نامەیەک‌دا داوایان لە ناوبراو کردبوو کە گوشار بۆ ڕێژیمی ئێران بێنێت.