چارەنووسی هاووڵاتییەکی کوردی دەسبەسەرکراو ناڕوونە

12:20 - 14 خەرمانان 2720

لە چارەنووسی هاووڵاتییەکی کوردی دەسبەسەرکراو بە ناوی "مێعراج مورتزایی" کوڕی "سابیر"، تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی گوندی "دێوەزناو" سەر بە شاری سەوڵاوا، پاش ٣٦ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە بنەماڵەکەی خۆیان دەبوێرن.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: "مێعراج لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، هێزە ئەمنییەتییەکان باسیان لە درێژی لێکۆڵینەوەی ئەو هاووڵاتییە کوردە هەتا تەواوبوونی دۆسیەکەی دەکەن.

ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی گەلاوێژ، "مێعراج مورتزایی" پاش بانگهێشتکردنی بۆ ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەسبەسەر کرا.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەسبەسەرکرانی معیراج مورتزایی هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ناوبراو خێزاندار و خاوەنی دوو منداڵە.