پەروەندەسازیی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ زیندانیانی سیاسیی رەجایی شاری کەرەج

20:49 - 16 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: فشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆسەر زیندانیانی سیاسیی رەجایی شاری کەرەج رووی لەزیاد بوون کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆمەڵێک لە زیندانیانی سیاسیی زیندانی رەجایی شاری کەرەج لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بەبیانووی دەرکردنی بەیاننامەیەک بۆ مەحکووم کردنی کوشتاری ئەندامانی موجاهدین خەلق لە کەمپی ئەشرەف، بانگهێشتی بەندی سپای ئەو زیندانە کراون.

ئەم بەندەی زیندانی رەجایی شاری کەرەج، بەپێچەوانەی یاسای رێکخراوی گشتیی زیندانەکانی ئێران، لەژێر کۆنترۆڵ و چاوەدێریی مەئموورانی وەزارەتی ئیلاعات دایە.

\"15886.jpg\"
خالید حەردانی یەکێکی دیکە لە زیندانیانی سیاسیی زیندانی رەجایی شاری کەرەج بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندان راگوێزرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی رەجایی شاری کەرەجەوە وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، سەرەتای مانگی رەزبەر سەعید ماسووری و ئەفشین بایمانی بۆ بەندی ٨ی زیندان، کە بە بەندی سپا ناودێر کراوە، راگوێزران و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لەژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدا بوون.

هەروەها رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٨ی رەزبەری ئەمساڵ، خالید حەردانی یەکێکی دیکە لە زیندانیانی سیاسیی زیندانی رەجایی شاری کەرەج بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندان راگوێزرا.

هەتا ئێستا هێچ هەواڵێک لە چارەنووسی ئەو زیندانییە سیاسییە لەبەر دەستدا نییە.

\"15885.jpg\"
سەعید ماسووری و ئەفشین بایمانی بۆ بەندی ٨ی زیندان، کە بە بەندی سپا ناودێر کراوە، راگوێزران و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لەژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدا بوون.
ئەو سەرچاوەیە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، ئەو زیندانییە سیاسییانە بەهۆی دەرکردنی بەیاننامەیەک لەمەڕ مەحکووم کردنی کوشتاری ئەندامانی موجاهیدینی خەلقی ئێران، بەرەوڕووی بانگهێشت و لێپرسینەوە بوونەتەوە.

لە ناوەڕاست مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا، ٢١ زیندانیی سیاسی بە دەرکردنی بەیاننامەیەک کە نوسخەیەکی بۆ ئاژانسی کوردپا نێردرابوو، خوازیاری ناردنی کۆمیتەیەکی تایبەت بۆ کەمپی ئەشرەف بەمەبەستی روونکردنەوەی راستییەکان، لەلایەن رێکخراوە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بوون.

واژۆکارانی ئەو بەیاننامەیە، زیندانیانی سیاسیی زیندانی رەجایی شاری کەرەج، ئەڤێنی تاران و زیندانی تەوریز بوون.

رێکەوتی ١٠ی خەرمانانی ئەمساڵ لەئەنجامی خومپارە باران کردنی کەمپی ئەشرەفدا ٥٠ ئەندامی رێکخراوی موجاهیدنی خەلقی ئێران گیانیان لەدەست دا.

پێشتریش زۆربەی سەرچاوە هەواڵییەکانی سەربە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران وەکوو \"بوڵتەن نیووز و باشگای هەواڵنێرانی لاو\"، بڵاو کردنەوەی هەواڵی زیندانیانی سیاسییان بە زەبرێکی گورچووبڕ لە نیزامی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەقەڵەم دابوو.

ناوەندەکانی دادکۆکیکاری مافی مرۆڤ دەیان جار نیگەرانیی خۆیان لەمەڕ رەوتی دادگایی کردن و دەستێوەردانی مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات لە پەروەندەی زیندانیانی سیاسی، دەبڕیوەو بە پێچەوانەی یاسا و ریسا نێونەتەوەییەکان و تەنانەت یاساکانی نێو خۆی ئێرانیان لەقەڵەم داوە.