پیلانی نوێی حکوومەتی ئێران دژی مزگەوتەکانی سوننی مەزهەب لە سنە

12:39 - 7 گەلاوێژ 2720

نوێنەری وەلیی فەقیهـ لە پارێزگای سنە بە دانی گەڵاڵەیەک بە ناوی "ڕێکارەکانی بەهێزکردنی بەسیج لە مەزگەوتەکانی پارێزگای سنە"، لە هەوڵی پیلانێکی نوێدایە کە بەسیجییەکان کۆنترۆڵی مزگەوتەکانی سنە بگرنە دەست.

"محەممەد حوسێن شاهروودی" لە کۆبوونەوە لەگەڵ فەرماندەی بەیتولموقەدەسی سنە و هەیئەتی ئۆمەنای مزگەوتەکان، خوازیاری بەهێزکردنی پایگاکانی بەسیجی مەزگەوت بووە.

نوێنەری وەلی فەقیهـ، بەهێزکردنی ئەو پایگایانەی بە پووچەڵکردنی پڕوپاگەندەی دوژمنان و پێکهێنانی هاودڵی لەنێوان بەسیجییەکانی هەیئەتی ئۆمەنای مزگەوتەکان زانیوە.

هەروەها فەرماندەی سپای بەیتولموقەدەسی سنە لەو کۆبوونەوەیەدا ڕایگەیاندووە: "خەڵکانێک کە لایەنگری دژبەرەکانی نیزامن لە هەوڵی دوورخستنەوەی بەسیج و مزگەوتدان و پەرە بە ناکۆکییەکان دەدەن".

ئەو بەرپرسە نیزامییە هەروەها لەو کۆبوونەوەیەدا ڕایگەیاند: "دەبێ بە هاودڵی و بەهێزکردنی ڕۆڵی هەیئەت ئۆمەنا لە پایگاکانی بەسیج، هەوڵی بەربەرەکانێ بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی دوژمن بدەین".