٢ پیاوی بەساڵاچوو لەشاری روانسەر کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێنا

17:15 - 27 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی کەمتر لە ١ مانگی رابردوودا ٢ پیاوی بە ساڵاچووی کورد لە شاری روانسەر کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ شەوی رابردوو رێکەوتی ٢٦ی جۆزەردان هاووڵاتییەک بەناوی \"فەیزوڵڵا وەیسی\" کوڕی عەبدوڵڵا تەمەن ٥٢ ساڵ لە گوندی \"کڵاو کەوە\"ی سەربە شاری روانسەر دەستی دایە خۆکوژی و گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو رووداوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو هاووڵاتییە کوردە بەهۆی دەستکورتی و قەرزدارییەوە خۆی هەڵواسیوەو گیانی لەدەست داوە.

هەروەها نزیک بە ١ مانگ بەر لە ئێستاش پیاویکی تەمەن ٦٥ ساڵ بە ناوی \"رەشید کەریمی\" خەڵکی گوندی \"قەڵا رەزا\"ی سەربە شاری روانسەر خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

هەتا ئیستاش هۆکاری ئەو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی گوندی \"قەڵا رەزا\"ی سەربە شاری روانسەر نەزانراوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٣٧ هاووڵاتیی کورد بەهۆکاری جۆراوجۆر کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە کەلە کۆی ئەو رێژەیە ١٩ کەسیان ژن بوون.

ئەو ئامارە ریژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە کە دەکری ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.