پچڕانی ئینتێرنێت و حکوومەتی نیزامی لە کوردستاندا درێژەی هەیە

11:28 - 28 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: پاش بەرینتربوونەوەی ناڕەزایەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتدا، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران بۆ ڕێگری لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان، لە ئاستی شارەکانی کوردستاندا جێگیر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزەکانی سپای پاسداران و هێزە نیزامییەکان بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان و کەشی ئەمنییەتی بەسەر کوردستاندا زاڵ بووە.

هەواڵنێرانی کوردپا لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ڕاپۆرتەکانیاندا ڕایانگەیاند: "هێزەکانی سپای پاسداران و هێزە نیزامییەکان لە شوێنە سەرەکییەکانی شارەکانی کوردستان جێگیر کراون و لە هاتوچۆی هاووڵاتییان ڕێگری دەکەن".

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە سەربانی ئیدارە دەوڵەتییەکانەوە تەقە لە هاووڵاتییانی ناڕازی دەکەن.

هەروەها هەتا ئێستا تەرمی شەهیدەکان بە بنەماڵەکەکانیان ڕادەست نەکراوەتەوە و لە ساردخانەکاندا ڕاگیراون.

هەروەها سپای پاسداران هەڕەشەی لە ناوەندە دەرمانییەکانی کوردستان کردووە کە بەبێ موڵەتی پزیشکی لە دەوا و دەرمانی بریندارەکان خۆیان ببوێرن و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، برینداربووەکان لەلایەن دوکتور و پەرستارەکانەوە لە ماڵەکاندا چارەسەریی پزیشکییان بۆ دەکرێت.