پاوە/ سووکایەتیی نوێنەری وەلی فەقێ بە شاعیری ناوازەی کورد "شێرکۆ بێکەس"

21:39 - 15 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: مەلا قادر قادری نوێنەری \"وەلی فەقێ\" و پێش نوێــژی مزگەوتی \"قوبا\"ی شاری پاوە سووکایەتی بە شیرکۆ بێکەس شاعیری ناوازەی کورد کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی یەکێک لە شایەتحاڵان، ٢ شەو پێش ئێستا چەند کەس لە چالاکانی فەرهەنگیی شاری پاوە لە مزگەوتی \"قوبا\"ی ئەو شارەو پاش نوێژی تەراوێح ویستوویانە باس لە کەسایەتی و خزمەتەکانی شیرکۆ بێکەس بکەن، بەڵام مەلا قادر گوتوویەتی \"مزگەوت شوێنی باس کردن لە کاسانی بێ دین نییە، بۆیە لە شەوانی رەمەزاندا کە شەوی عیبادەت و پارانەوەیە، کەس بۆی نییە باس لەو کەسە بکات\".

ئەو شایەتحاڵە راشیگەیاند لە کاتێکدا ئەو چالاکانە پێداگرییان کردووە کە رێورەسمێک بۆ یادی شیرکۆ بێکەس بەرێوە بەرن، مەلا قادر بە توندی هەڵوێستی گرتووە و گوتوویەتی \"مردووە بە دەرەک، بێ دینێکی دیکە لە کوردەواری کەم بۆتەوە\".

نوێنەری وەلی فەقێ پێشتریش لە رێوڕەسمی سەرخۆشیی کەسایەتییەکی شاری پاوەدا سووکایەتی بە دەقی پەیامی کوردیی کۆمەڵێک لە چالاکانی فەرهەنگیی ئەو شارە کردبوو و هەروەها رایگەیاندبوو کە پێویستە چالاکیی ئەو کەسانە بەربەست بکرێ و بەرەوڕووی دادگا ببنەوە.

\"14420.jpg\"
شێرکۆ بێکەس
دوابەدوای پەرچەکرداری چالاکانی فەرهەنگیی ئەو شارە بەو هەڵوێستەی مەلاقادر قادری لە رەشەممەی ساڵی رابردوودا، ١٢ کەس لەو چالاکانە لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کران.

لەلایەکی دیکەوە لە کاتێکدا بڕیار بوو چالاکانی فەرهەنگیی ئەو شارە رێكەوتی ١٤ی گەلاوێژ رێوڕەسمی یاد و پرسەی شاعیری کورد \"شێركۆ بێكەس\" بەڕێوە بەرن، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە رێگرییان لێکرا.

سووکایەتی کردن و رێگری کردنی ناوەندە ئەمنیەکان بۆ یاد و پرسەی \"شێرکۆ بێکەس\" لە کاتێک دایە کە سەرجەم میدیا حکوومەتییەکانی ئێـران ‌هەواڵی کۆچی دوایی ئەو شاعیرە کوردەیان بڵاو کردەوە و هاوکات بە شاعیرێکی بە ئەزموون و گەورەی کوردیان لە قەڵەم دا.

رۆژی یەکشەممە رێکەوتی١٣ی مانگی گەلاوێژ شێرکۆ بێکەس شاعیری بەئەزموون کورد بەهۆی نەخۆشیی شیرپەنجەی قوڕگەوە لە نەخۆشخانەیەکی ستۆکهۆڵمی پایتەختی وڵاتی سوید ماڵئاوایی لە دنیای شێعر و ئەدەبی کوردی کرد.

شێرکۆ بێکەس بە یەکێک لە شاعیرە نوێخوازەکانی‌ ھاوچەرخی‌ کورد دادەنرێت و خاوەنی‌ چەندین نامیلکە‌ و دیوانی‌ شیعرییەو زۆرێک لە شێعرەکانی بۆ چەندین زمانی زیندووی جیھان وەرگێڕدراون.