پارێزەرێکی کورد لە سەقز دووبارە دەسبەسەر کرایەوە

11:14 - 20 گەلاوێژ 2720

ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی گەلاوێژ، عەلی ساکنی، پارێزەری دادگوستەری لە شاری سەقز، دووبارە دەسبەسەر کرا و بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

حوسێن ئەحمەدی‌نیاز پارێزەری پلەی یەکی دادگوستەری لە وتووێژێکدا، لەگەڵ ئاژانسی کوردپا، دەسبەسەرکردنی "عەلی ساکنی"؛ پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند که ئەو پارێزەرە کوردە، پاش گۆڕێنی پشکێنەری دۆسییەکەی دەسبەسەر کراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٨ی پووشپەڕ، "عەلی ساکنی"، پارێزەری دیاریکراوی "هوشمەند عەلیپوور"، زیندانیی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانی سنە، لە سەقز لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا.

ئەو پارێزەری دادگوستەرییە ڕۆژی چوارشەممە ١١ی پووشپەڕ، پاش تەوابوونی قۆناغی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی شاری سنە بۆ زیندانی سەقز ڕاگوێزرا و ڕۆژی دوووشەممە ١٦ی پووشپەڕ بە دانانی بارمتە هەتا کۆتایی دادگاییەکەی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

دۆسیەی عەلی ساکنی لە ٣ی لێپرسی دادگای سەقز تاوتوێ دەکرێت و ناوبراو بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام و ئاشکراکردنی ڕازە نهێنەییەکانی دۆسیەی هوشمەند عەلی‌پوور" تاوانبار کردبوو.