پارێزگای سنە/ زیاتر لە ١٥٠ کرێکار لە ٤ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بریندار بوونه

11:43 - 17 خەرمانان 2721

بەڕێوەبەریی پزیشکیی یاسایی پارێزگای سنە ڕایگەیاندووە؛ لە سەرەتای ٤ مانگی ئەمساڵدا، لەو پارێزگایە، ١٥٩ کرێکار تووشی ڕووداوی کار بوونه.

"بێهتاش خانی‌ئاباد" وتوویەتی: "بەپێی ئامارەکانی ناوەندیی پزیشکیی یاسایی لە ئاستی پارێزگای سنە، لە کۆی برینداربووانی کار سەرجەم ١٥٩ کرێکار بریندار بوون کە لەو ڕێژەیە ١٥٦ کەسیان پیاو و ٣ کەسیان ژنن".

 ئەو بەرپرسە حکوومەتییە هەروەها ئاماژەی بە خنکانی هاووڵاتییان لە ئاودا کردووە و ڕایگەیاند: "لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، سەرجەم ٧ کەس بەهۆی ناشارەزایی لە مەلەکردن لە ئاودا خنکاون، کە لەو ڕێژە ژنێک بەرچاو دەکەوێت".

ڕووداوی کار پاش ڕووداوی هاتوچۆ دووهەمین هۆکاری مردن لە ئێران بە ئەژمار دێت و سەرەڕای کەمئەندامبوون و برینداربوونی کرێکاران بەهۆی ڕووداوی کار، خەسارێکی بەرچاو بە سەرچاوەی مرۆیی و تکنیکیی و ئابوورییەکانی وڵات دەگەیەنێ.