ورمێ /کەمتەرخەمیی ئیدارەی پەروەردە منداڵێکی تەمەن ٣ ساڵی کردە قوربانی

15:32 - 24 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: منداڵێکی تەمەن ٣ ساڵ لە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ بەهۆی کەوتنە نێو \"چاڵی زێراب\"ی قوتابخانەی گوندەکەیان گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی بە هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٠ی جۆزەردان منداڵێکی تەمەن ٣ ساڵ لە گوندی \"تلەکێ\"ی ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ لە کاتێکدا لە دەوروبەری قوتابخانەی گوندەکەیان سەرقاڵی کایە کردن بووە، بەهۆی ئاواڵا بوونی سەری چاڵی زێراوی ئەو قوتابخانەیە، کەتۆتە نێو ئەو چاڵەو لە ئەنجامدا خنکاوە.

هاووڵاتییانی ئەو گوندە، کەمتەرخەمیی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانیان سەبارەت بە گرفتەکانی ئەوە قوتابخانەیە وەک هۆکاری هاتنە ئارای ئەو رووداوە لە قەلەم داوە.

بە وتەی دانیشتوانی گوندی تلەکێ، ماوەی چەند ساڵە سەرەڕای ئەوەیکە ئەو قوتابخانەیە لە دیواری حەوشە بێبەرییە، سەری ئەو چاڵە زێراوەش بە ئاوەڵایی ماوەتەوە، بەڵام هەتا ئیستاش ئیدارەی پەروەردە ئاوڕی لەم کێشانە نەداوەتەوە.