هەڕەشە و گوشاری ئەندامێکی سپای پاسداران لەپاوە بۆ سەر بازاڕییان و کاسبکاران

15:22 - 18 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: ئەندامێکی سپای پاسداران لەشاری پاوە، وێڕای بێ‌رێزی بە دووکاندار و بازاڕییانی ئەو شارە هەڕەشەی دەستبەسەرکردنیشیانی لێ‌کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ١٦‌ی رەزبەر کەسێک بە ناوی \" سەید موراد ئاقایی\" کە بە وتەی هاووڵاتیان ئەندامێکی چالاکی سپای پاسدارانە، لەنێو بازارچەی شاری پاوە بەرەوڕووی کاسبکاران و دووکانداراندا بۆتەوە.

بەوتەی شایەتحاڵان ئەو ئەندامەی سپای پاسداران بە چەقۆ هەڕەشەی لە دووکانداران کردووە و دواتر بە نیشان دانی کەلەبچە هەڕەشەی دەستبەسەر کردنیشی لەهاووڵاتییان کردووە.

شایەتحاڵان بۆ ئاژانسی کوردپا ئەوەشیان خستە روو، \"دوای ئەوەی‌کە هێزی ئینتزامیی بەمەبەستی دەستبەسەر کردنی \"موارد ئاقایی\" هاتنە نێو بازارچەکەوە، بێ‌ئەوەی بتوانن هیچ شتێکی پێ‌بڵێن شوێنەکەیان بەجێ‌هێشت\".

ئەو شایەتحاڵانە رایشیگەیاند کە \" هێزە ئینتزامییەکان رایاگنەیاندووە کە موراد ئاقایی ئەندامی سپای پاسدارانەو و ئێمە توانای دەستبەسەر کردنیمان نییە\".

هەر لەو پێوەندییەدا رۆژێک دواتر واتە رێکەوتی ١٧‌ی رەزبەر ژمارەیەک لە دووکاندار و بازاڕییانی شاری پاوە بە مەبەستی سکاڵە سەردانی ناوەندی سپای پاسدارنیان لەو شارە کردووە، بەڵام لێپرسراوانی ئەو شوێنە نیزامییە بێ‌ئاگا بوونی خۆیان لە ئەندامیەتیی موراد ئاقایان لە سپادا دەبڕیووە.

دەوترێ‌، سپای پاسداران بە ئەنقەست بێ‌ئاگا بوونی خۆی لە ئەندامیەتی موراد دەربڕیوە و لەرێگای ئەو کەسانەوە دەیهەوێ‌گوشاری زیاتر بخەنە سەر هاووڵاتیانی کورد.