هەواڵی تەکمیلی سەبارەت بە کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە سنووری ورمێ

17:39 - 25 گەلاوێژ 2720

ڕۆژی شەممە ٢٥ی گەلاوێژ، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "سیراج ئەحمەدی" کوڕی "سەرتیپ"، تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی گوندی "کوران" سەر بە ناوچەی سۆما و برادۆستی ورمێ، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت گیانی لەدەست دا، هەروەها کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە ناوی "مەخموور ئەحمەدی" کوڕی "موزەفەر" بەسەختی پێکرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، "سیراج ئەحمەدی" بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری ورمێ دەسبەجێ گیانی لەدەست داوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، "مەخموور ئەحمەدی" لەو ڕووداوەدا کە تووشی برینی قورس هاتبوو، بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی کراوە.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو ئەو کۆڵبەرانەیان لە سنووری ورمێ داوەتە بەر دەسڕێژی گولـلە.

"سیراج ئەحمەدی"، سێیەمین کۆڵبەری کوژراو لە بنەماڵەی ئەحمەدییە لە گوندی کوران کە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت گیانی لەدەست داوە.