"هێمن مام قادری" لە زیندانی بۆکان ئازاد کرا

11:39 - 30 خاکەلێوه 2720

''هێمن مام قادری''، زیندانیی سیاسیی کورد خەڵکی بۆکان، دوای لێخۆشبوونی نوێی هێزی دادوەری لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرا.

ڕێکەوتی ٢٦ی بانەمەڕی ساڵی ٩٦، ئەو زیندانییە کوردە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران و پڕۆپاگەندە دژی نیزام" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر و دواتر بۆ لێپرسینەوە، ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، پاش تەواوبوونی قۆناغی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی شاری بانە ڕاگوێزرا و دواتر بۆ دادگایی‌کردنەکەی ڕەوانە زیندانی سەقز کرا.

دادگای ئینقلابی شاری سەقز، ئەو هاووڵاتییە بۆکانییەی بە تۆمەتی "ئەندامبوون  و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ١١ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم و ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، لە تۆمەتی‌وەپاڵدراوی "دژایەتی لەگەڵ خوا" (محاربە)، بێتاوان دەرچوو.

حوکمی دادگای سەرەتایی ئەو  هاووڵاتییە کوردە، لە دیوانی باڵای وڵات بۆ ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری کەم کرایەوە و لە ساڵی ٩٨ لە زیندانی سەقز بۆ زیندانی بۆکان ڕاگوێزرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕاگەیاندنی لێخۆشبوونی نوێی هێزی دادوەریی، ڕێکەوتی ٢٣ی خاکەلێوە لە زیندانی بۆکان ئازاد کرا.