هێزە ئینتزامییەکان لەتاران هاووڵاتییەکی کوردیان کوشت

14:12 - 28 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سەقز بەتەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە جادەی تاران کوژرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حامید شاکری تەمەن ٣٥ ساڵ، خێزاندار و باوکی کچێکی هەشت ساڵان لە کاتێکدا کە بەماشێن بەرەو شاری تاران روێشتووە، تەقەی لێکراوە و لەئەنجامدا گیانی لەدەست داوە.

ئەو رووداوە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٦‌ی خەزەڵوەر رووی داوە و هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە تەرمی حامید رادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

بە وتەی شایەتحاڵان، هێزە ئینتزامییەکان تەنیا بە گومانی هەڵگرتنی کاڵای قاچاغ تەقەیان لەو هاووڵاتییە کوردە کردووە.

بەوتەی چالاکانی مافی مرۆڤ، دیاردەی کوشتنی هاووڵاتییانی بێ‌دیفاع و بێ‌تاوانی کورد رۆژ لەگەڵ رۆژ لە پەرەسەندن دایە و سەرەڕای ئەوەی کە بکوژانی هاووڵاتییان کورد دیار و بەرچاون، بەڵام لەلایەن دەزگا قەزاییەکانەوە هیچ لێپێچینەوەیەکیان لەگەڵدا ناکرێت.

رێکەوتی ٢٢ی خەزەڵوەریش کچێکی تەمەن ١٧ ساڵ بەناوی \"ئەوین عوسمانی\" خەڵکی شاری بانە لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە درابوویە بەر دەسترێژ و رۆژێک دواتر گیانی لەدەست دا.

ئەو کچە کوردە لەگەڵ براکەی چووبوونە سەیران و لە رێگەی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، لەلایەن دەرەجەدارێکەوە بەناوی \" ک. ر\" بەبیانووی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ ، تەقەیان لێکرابوو.

ماوەی چەندین ساڵە هاووڵاتییانی کورد لەسەر جادەکان بە بیانووی هەڵگرتنی کاڵای قاچاغ تەقەیان لێدەکرێ‌و لە زۆربەی حاڵەتەکانیشدا گیان لەدەست دانی ئەو هاووڵاتیانەی لێدەکەوێتەوە و سەرەڕای بەدوادا چوونی بنەماڵەکانیان بۆ ناوەندە قەزاییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، هیچ وڵامێکیان پێ‌نادرێتەوە.

کوژرانی هاووڵاتیانی مەدەنیی کورد بەدەستی هیزە نیزامییەکان گەیشتۆتە ئاستێک کە، دوو نوێنەری کورد بەناوەکانی نێعمەتوڵڵا مەنووچێهری نوێنەری خەڵکی پاوە و هەورامانات و موحسین بیگلەری نوێنەری خەڵکی شارەکانی سەقز و بانە لە مەجلیس بێدەنگی خۆیان شکاندووە و خوازیاری پێڕاگەیشتن و بەدوداچوون بە دۆسیەی کۆژرانی هاووڵاتیانی کورد بوونە.