هێزە ئیتلاعاتییەکان ماوەی دوو حەفتەیە هاووڵاتییەکی مەهابادییان بە بارمتە گرتووە

15:57 - 27 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هاووڵاتییەکی خەڵکی ناوچەی مەهابادیان لە جێگەی باوکی بە بارمتە گرتووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، فایق خزری تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی گوندی \"گاگەش\"ی ناوچەی مەنگوڕایەتیی مەهاباد، لە دوو حەفتە پێش ئیستاوە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە جێگەی باوکی خۆی بەناوی \"محەممەد خزری\" بە بارمتە گیراوە.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی خزری؛ \"هێزە ئیتلاعاتییەکان بە کەسوکاری ئەو هاووڵاتییە کوردەیان راگەیاندووە، هەتا ئەو کاتەی محەممەد خزری خۆی رادەستی ئێمە نەکات، کوڕەکەی لە دەستبەسەریدا دەمێنێتەوە\".

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی خوشک و دایکی \"فایەق خزری‌\" لە کاتێکدا ویستوویانە رێگری لە دەستبەسەر کرانی کوڕەکەیان بکەن، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بەرەوڕووی لێدان و سووکایەتی کردن بوونەتەوە\".

سەرچاوەکە گوتیشی: \"هاوکات دوو کەسیش لە جیرانەکانی بنەماڵەی خزری بەناوەکانی \"محەممەد عادڵی‌فەڕ\" و \" محەممەد کاردان\" لە کاتێکدا ویستوویانە بەرنگاری هێزە ئیتلاعاتییەکان بکەن، لەلایەن ئەو هێزانەوە گازی فرمێسک رێژ کراوەتە چاویانەوە\".

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، بنەماڵەی خزری لە دوو حەفتەی رابردوودا بە بەردەوامی سەردانی ناوەندە ئەمنییەکان و دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانیان لە شاری مەهاباد کردووە، بەڵام ئەو هێزانە رایانگەیاندووە هەتا کاتێک باوکی خۆی رادەستی هێزە ئیتلاعاتییەکان نەکات، لە ئازاد کردنی کوڕەکەی خۆ دەبوێرین\".

ئەو هاووڵاتییە گوتیشی؛ \"محەممەد خزری بە هۆی مەترسیی گیانییەوە لە دەستی هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران خۆی شاردۆتەوە\".