هێزە ئیتلاعاتییەکان لاوێکی تەمەن ٢٢ ساڵەی سەقزییان دەستبەسەر کرد

16:19 - 12 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: لەدرێژەی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتیانی کورد لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەکانەوە، لاوێکی سەقزی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانیی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٠ی سەرماوەز کوورش ئەمیری تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا.

شایەتحاڵێک بە هەواڵنیری کوردپای راگەیاند هیزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەر کرانی کوورش ئەمیریدا، ناوبراویان داوەتە بەر لێدان کە بە شێوەیەک هەموو دەم و لووتی لە خوێن هەڵکشاوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەستبەسەرکرانی کوورش ئەمیری، کوڕی حەسەن و دانێشتووی گەڕەکی سیلۆی شاری سەقز، نەزانراوە.

لە رۆژانی رابردووشدا سێ هاووڵاتیی سەقزی بەناوەکانی کامیل شەریف‌زادە، غەریب شەریف‌زادە و عیرفان مەجیدی سەرجەم بە ٩ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کران.