هێزە نیزامییەکانی حکوومەت کۆڵبەرێکی برینداریان کوشت

11:57 - 24 خەرمانان 2720

ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی خەرمانان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "سەلاحەدین عیسازادە" کوڕی "حەمزە"، خەڵکی گوندی "شێوسماکـ"ـی شنۆ، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بریندار کرا و دواتر هێزە نیزامییەکان گولـلەیان پێوە ناوە و کوشتوویانە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرە کوردە لە شوێنێک بە ناوی "زورمازوو" لە بەرزاییەکانی کێلەشینی شاری شنۆ، کەوتووەتە بۆسەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت و هێزە نیزامییەکان پاش بریندارکردنی ئەو کۆڵبەرە، دەسبەسەریان کردووە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتی: "هێزە نیزامییەکانی حکوومەت پاش ئازار و ئەشکەنجەکردنی ئەو کۆڵبەرە، گولـلەیان پێوە ناوە و کوشتوویانە و تەرمەکەیان ڕەوانەی ساردخانەی شاری نەغەدە کردووە".

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو: "تەرمی ئەو کۆڵبەرە ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی خەرمانان، ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و لە شوێنی لەدایکبوونی ئەسپەردەی خاک کراوە".

"سەلاحەدین عیسازادە" خێزاندار و خاوەنی دوو کوڕە.