هێزە نیزامییەکان لە ناوچەی بانە کۆڵبەرێکی کوردیان کوشت

19:09 - 23 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی ناوچەی بانە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، کوژرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ شەوی رابردوو رێکەوتی ٢٣ی خەزەڵوەر هاووڵاتییەکی خەڵکی ناوچەی بانە بەناوی \" جەلیل یونسی\" ناسراو بە \"جیمی\" ٢٩ ساله لە نزیک گوندی \"ئوشتراوا\"ی سەربەو شارە بە تەقەی راستەخۆی ‌هێزە نیزامییەکان گیانی لەدەست دا.

دەگوترێت کە ئەو کۆڵبەرە کوردە خێزاندار و باوکی منداڵێکیش بووە، تەنیا بۆ دابین کردنی بژیویی ژیانی رووی لە پیشەی پڕ مەترسیی کۆڵبەریی سەر سنوورەکان کردووە کە لە ناوچەی \"بۆیەن\" دراوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و گیانی لێ ئەستێندراوە.

هاووڵاتییانی ناوچە سنوورییەکان، بەهۆی نەبوونی هەلی کار، هەژاری و گرانیی لە رادەبەدەر روو لە کۆڵبەریی سەر سنوورەکان دەکەن، زۆر جار بەرەوڕووی تەقەی هێزە نیزامییەکان وهەروەها تەقینەوەی مینی چێنداروی ئەو هێزانە دەبنەوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای مانگی رەزبەری ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٨ کۆڵبەری کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێــزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژراون و ٨ کەسی دیکەش بریندار کراون.