هێزە نیزامییەکان لە شاری بانە کچێکی تەمەن ١٨ ساڵەیان کوشت + وێنــــه

16:25 - 25 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: کچە کوردێکی تەمەن ١٨ ساڵەی خەڵکی شاری بانە لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هیزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا کوژرا.

بەپیی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٣ی خەزەڵوەر کچێکی تەمەن ١٨ ساڵ بەناوی \"ئەوین عوسمانی\" خەلکی شاری بانە کە لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە درابوویە بەر دەسترێژی گولـلە گیانی لەدەست دا.

\"16884.jpg\"
ئەوین عوسمانی خەلکی شاری بانە کە لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە درابوویە بەر دەسترێژی گولـلە گیانی لەدەست دا
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنیری کوردپای راگەیاند: \"ئەڤین عوسمانی\" رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٢ی خەزەڵوەڕ هاوڕی لەگەڵ براکەی چووبوونە سەیران و لە رێگەی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە بەبیانووی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ ، تەقەیان لێکراوە\".

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: \"ئەڤین چەند گولـلەیەک بەر پشتی کەوتووە و بەو هۆیەوە مۆرەکانی پشتی شکابوون و پاش یەک رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا\".

سەرچاوەیەکە ئەوەشی خستەڕوو: \" ئەڤین عوسمانی لەلایەن کەسێکەوە بەناوی \"ک. ر\" تەقەی لێکراوە، کە لە ئەنجامدا گیان لەدەست دانی ئەو کچە کوردەی خەڵکی شاری بانەی لێکەوتۆتەوە\".