هیچ زانیارییەک لە مەڕ چارەنووسی مامۆستایەکی ئایینی دەسبەسەر کراوە لەبەردەستدا نییە

12:22 - 24 گەلاوێژ 2720

لە چارەنووسی مامۆستایەکی ئایینیی کورد بە ناوی "فایەق شەریعەت‌پەنا" تەمەن ٣٥ ساڵ کوڕی نەجمەدین، پێشنوێژی گوندی "حاجی ئاوا" سەر بە ناوچەی "چۆمی مەجیدخانـ"ـی بۆکان، پاش دەسبەسەرکرانی هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا، نییە.

یەکێک لە نزیکانی ئەو مامۆستا ئایینییە لە وتووژێکدا، لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: "سەرەڕای بەدواچونی بنەماڵەی ئەو مامۆستا ئایینییە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو، هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون سەبارەت بە  چارەنووسی ئەو مامۆستا ئایینییە خۆیان دەبوێرن".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ڕایگەیاند: "ناڕوونی چارەنووسی ئەو مامۆستا ئایینییە، نیگەرانیی لای بنەماڵەی لێکەوتووەتەوە".

ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی گەلاوێژ، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ‌بەڵگەی یاسایی ئەو مامۆستا ئایینییەیان دەسبەسەر کردووە و دواتر ماڵەکەیان پشکنیوە.

هێزە ئەمنییەتییەکان پاش پشکنینی ماڵی ئەو مامۆستا ئایینییە، هەندیک کەرەستەی کەسیی ناوبراو و کتێبەکانیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

ئەو مامۆستا ئایینییە بەهۆی ڕەخنەگرتن لە حکوومەتی ئێران لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکردنی "فایەق شەریعەت ‌پەنا"، براکەی بە ناوی "تۆفیق شەریعەت ‌پەنا" دەسبەسەر و پاش چەند کاتژمێر ئازاد کرابوو.