هاووڵاتییەکی کورد لە سەوڵاوا دەسبەسەر کرا

12:30 - 22 خەرمانان 2720

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "هیوا عەزیزپوور" خەڵکی گوندی "دێوەزناو" سەر بە شاری سەوڵاوا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

ئەم سەرچاوەیە ڕاگەیاند: "هێزە ئەمنییەتییەکان ئەم هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان دەسبەسەر کردووە".

ئەم سەرچاوەیە هەروەها وتی: "هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی ناوبراو بێئاکام بووە".

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی "هیوا عەزیزپوور" هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.