هاووڵاتییەکی کورد بە ١٧ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا

12:13 - 25 گەلاوێژ 2720

لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی شاری تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مەقیسە" حوکمی ١٧ ساڵ زیندانیی بەسەر هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئارش نەسیری" خەڵکی سنە و دانیشتووی وەرامین، سەپاند.

بەپێی ئەو حوکمە داسەپاوە، ئەو هاووڵاتییە کوردە لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی لە ڕێگای ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ٦ ساڵ زیندان، "هەڵگرتن و ڕاگرتنی چەک" بە ٦ ساڵ زیندان و "چوونە دەرەوەی لە ئێران بە شێوەی نایاسایی" بە ساڵێک و ٦ مانگ زیندان و هەروەها بە تۆمەتی "کڕین و فرۆشتنی چەک" بە سێ ساڵ و ٦ مانگ زیندان مەحکووم کراوە.

لە ئەگەری پشتڕاستکردنەوەی ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوە، دەبێ ٦ ساڵ زیندان لەو ١٧ ساڵە، بەپێی ئەشەدی سزا، جێبەجێ بکرێت.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی شەممە ٣٠ی گەلاوێژ بەڕێوە دەچێت و حوکمی دادگا ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی گەلاوێژ لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج بە ناوبراو ڕاگەیاندراوە.

 "ئارش نەسر کورد" ڕێکەوتی ٢٩ی سەرماوەزی ساڵی ٩٨،  بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" لە شاری وەرامین، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش لێپرسینەوە لە بەندی ئەمنییەتیی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، بۆ بەندی ٤ی ئەو زیندانە ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران بووە.