هاووڵاتییەکی کورد بە دانانی بارمتەی لە زیندانی دێزڵاوای کرماشان ئازاد کرا

12:25 - 7 خەرمانان 2720

ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ڕەزا ڕەمەزانی" کوری ئیسفەندیار خەڵکی شاری شاباد، پاش نزیک بە سێ مانگ لە دەسبەسەرگە، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی، هەتا کۆتایی دادگاییەکەی لە زیندانی دیزڵاوای کرماشان ئازاد کرا.

بڕیاری دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، سەرەتاکانی مانگی گەلاوێژ درێژ کرابووە و دواتر بۆ زیندانی دێزڵاوای شاری کرماشان ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی چوارشەممە ١١ی پووشپەڕ، هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی "بێڕێزی بە پیرۆزییەکان" لە فەزای مەجازیدا دەسبەسەر کردبوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە کرماشان کرابوو.

لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەو لاوە کوردە، دۆزگەری گشتی و ئینقلابی شاری شاباد، باسی لە دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەک کرد کە بە وتەی ئەو، ناوبراو "بەرپرسی تۆڕی سەرەکیی ڕەوتی دژە دینیی ئیسلام و گرووپی هەڵگەڕاوەی دینی" بووە.