هاووڵاتییەکی کورد بە دانانی بارمتەی قورس بە شێوەی کاتی لە زیندانی بۆکان ئازاد کرا

12:26 - 2 بانەمەڕ 2720

ڕۆژی دووشەممە ١ی بانەمەڕ، هاووڵاتییەک کورد بە ناوی "محەممەد ئەلیاسی" خەڵکی گوندی "قەرەگۆل" بە دانانی بارمتەی قورس هەتا کاتی دادگاییەکەی بە شێوەی کاتی لە زیندانی بۆکان ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ماوەی ١٣ مانگە لەگەڵ سێ هاووڵاتیی دیکەی کورد بە ناوەکانی "هیوا قوربانی ئەقەدەم خەڵکی  قەرەگۆل، مەنسوور شارەبان خەڵکی گوندی برایمئاباد و هەژار عەباسی خەڵکی گوێگجەلی" چارەنووسیان لە زیندانی بۆکان  لە ناڕوونی دابوو.

ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە، ڕێکەوتی ٢٠ی ڕێبەندانی سآڵی ٩٨ لە زیندانی مەهاباد بۆ زیندانی بۆکان ڕاگوێزران.

چەند ڕۆژ پێش، هیوا قوربانی‌ئەقەدەم بە دانانی بارمتەی قورس بە شێوەی کاتی لە گرتنگە ئازاد کرا.

ڕۆژی شەممە ١٨ی خاکەلێوە ٩٨، "محەممەد ئەلیاسی" و "هیوا قوربانی ئەقدەم" خەڵکی گوندی "قەرەگۆلـ"ـی شاری بۆکان، لەلایەن پایگای "قەرە مووساڵیـ"ـەوە، بانگهێشت و دواتر دەسبەسەر کرابوون.

هەروەها، هێزە ئیتلاعاتییەکان، ''مەنسوور شارەبان و هەژار عەباسیـ''ـان بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران دەسبەسەر کردبوون.