هاووڵاتییەکی پیرانشاری پاش ئازار و ئەشکەنجە لە گرتنگە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی ورمێ کرا

17:50 - 12 گەلاوێژ 2720

ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "جەعفەر حەسەنزادە" کوڕی "ئیسماعیل" تەمەن ٤٩ ساڵ و خەڵکی گوندی "سەروکانیـ"ـی پیرانشار، بەهۆی ئازار و ئەشکەنجەی توند لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، ڕەوانەی نەخۆشخانەی "عارفیانـ"ـی ورمێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە کوردە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە ئازار و ئەشکەنجە دراوە و بارودۆخی ناوبراو نالەبار ڕاگەیەندراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "جەعفەر حەسەنزادە سەرەتا بۆ نەخۆشخانەی پیرانشار ڕاگوێزراوە و دواتر بەهۆی خراپیی  باری تەندروستییەوە بۆ نەخۆشخانەی عارفیانی ورمێ ڕاگوێزرا".

ئەو هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی شەممە ١١ی گەلاوێژ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعات دەسبەسەر کرابوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.