هاووڵاتییەکی پیرانشاری بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرا

17:47 - 7 پووشپەڕ 2720

لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی ٢ی شاری پیرانشار، هاووڵاتییەکی کوردی بە ناوی "سەید ڕەزا ئەحمەدی" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرد.

دادگا ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" تاوانبار کردووە.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی دۆسیەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، سەرەتای مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ بەڕێوە چوو و حوکمی ٥ ساڵ زیندانییەکەی  ڕۆژی شەممە ٧ی پووشپەڕ بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.

ڕۆژی دووشەممە ١٨ی سەرماوەزی ساڵی ٩٨، "سەید ڕەزا ئەحمەدی" کوڕی سەید "عەلی" و خەڵکی گوندی "ترکشـ"ـی پیرانشار، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا. 

٢٨ی ڕەزبەری ٩٨، "سەید ڕەزا ئەحمەدی" پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکەی، بۆ زیندانی شاری نەغەدە ڕاگوێزرابوو.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی گەلاوێژی ٩٨، بەبێ پیشاندانی مۆڵەتی یاسایی، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.