هاووڵاتییەکی پیرانشاری بە تەقەی هێزە نیزامییەکان بووە قوربانی

22:51 - 29 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هاووڵاتیییەکی خەڵکی \"پیرانشار\"یان بەگومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ دایە بەر دەستڕێژی گولـلە و بە توندی بریندار بوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژنسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی رابردوو رێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژ \"سەلاح باپیروەند\" خەڵکی \"خڕی ئاغەڵان\"ی ناوچەی پیرانشار بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ماشینەکەیداو لە جاددەی نەغەدە درایە بەر دەستڕێژی گولـلە بە توندی بریندار کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە کوردە هەڵگری هیچ جۆرە کەلوپەلێکی قاچاخ نەبووە و تەنیا بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ لەشوێنێک بەناو \"دەشتی قوڕێ\"ی ناوچەی نەغەدە دراوەتە بەر دەستڕێژ و لە ئەنجامدا بریندار بووە کە دواتر بۆ چارەسەریی برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند کە لە ئەنجامی ئەو تەقە کردنەدا ماشێنەکەی \"سەلاح باپیروەند\" لە چەندی شوێنەوە پێکراوە و زیانێکێ زۆری بەرکەوتووە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٣٦ هاووڵاتیی مەدەنیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکووەمتی ئیسلامیی ئێراندا کوژراون و بریندار بوون، کە لە کۆی ئەو رێژەیە ١٣ کەسیان دەستبەجێ گیانیان لەدەست داوە.

ئەو ئامارە رێژەییە و بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بەسەرنجدان بە نەبوونی میدیای ئازاد بۆ رووماڵ کردنی هەواڵی ناوچە کوردنشینەکانی ئیران، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو ریژەیەش زیاتر بێت.