هاووڵاتییەکی مەهابادی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتیەکانەوە دەستبەسەر کرا

13:18 - 22 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی رەوتی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، هێزە ئیتلاعاتییەکان هاووڵاتییەکی کوردیان لە ناوچەی مەهاباد دەستبەسەر کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە رۆژانی رابردوودا هاووڵاتییەکی کورد بەناوی \"یونس مەعرووفی\" خەڵکی گوندی \"ئیندرقاش\"ی سەربە ناوچەی مەهاباد، لە ماڵەکەی خۆیدا و لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

بەوتەی شایەتحاڵان هێزە ئیتلاعاتییەکان سەرەڕای پشکنینی ماڵی یونس مەعرووفی، ناوبراویشیان داوەتە بەر لێدان و بۆ شوێنێکی نادیاریان راگواستووە.

هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران تاوانی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان، هاوکاری کردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران راگەیاندووە.

دەگوترێت کە ئەو هەڵسووکەوتەی ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، ترس و نیگەرانیی لای هاووڵاتییانی کوردی گوندی \"ئیندرقاش\"ی ناوچەی مەهاباد دروست کردووە.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە لە شوێنی راگیران و چارەنووسی یونس مەعرووفی، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.