هاووڵاتییەکی مەهابادی بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی رەوانەی زیندان کرا

20:43 - 30 رەزبەر 2713
ئاژانس کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی رەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ \"یحیا سارخانی\" هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەهاباد بۆ تێپەڕاندنی ماوەی ٣ ساڵ و ٦ مانگی حوکمەکەی، خۆی بە زیندانی ناوەندیی مەهاباد ناساند.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسییە، یحیا سارخانی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩١ لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهابادەوە دەستبەسەر و پاش ماوەیەک راگیران لە ئیدارەی ئیلاعات، بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.

یحیا سارخانی پاش ئازاد بوون، لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری مەهابادەوە بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان\" حوکمی ٧ ساڵ زیندانیی تەعزیریی بۆ بڕایەوە و دواتر ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە.

یحیا سارخانی لە رۆژانی رابردوودا پاش پشتڕاست کردنەوەی ٣ ساڵ و ٦ مانگ لەو حوکمە، خۆی بە زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد ناساند.