هاووڵاتییەکی شنۆیی ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا

12:09 - 3 خەرمانان 2720

ڕۆژی یەکشەممە ٢ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "نادر زیایی ‌فەر" کوڕی "محەممەد" خەڵکی گوندی "مەلاعیسا" سەر بە ناوچەی "دەشتەبێڵـ"ـی شنۆ، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی کوردستان، بەبێ بەڵگەی دادوەری لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی ٢ی شاری شنۆ، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە سێ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە پاش پشتڕاستکردنەوەی حوکمەکەی لەلایەن دادگای پێداچوونەوە، بۆ جێبەجیکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا.