هاووڵاتییەکی دیکەی کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکان بووە قوربانی

21:04 - 16 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: شەوی رابردوو هاووڵاتییەکی خەڵکی ناوچەی سەردەشت لەئەنجامی تەقەی هیزە نیزامییەکانی حکوموەتی ئیسلامیی ئیراندا بە توندی بریندار کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی سێ‌شەممە رێکەوتی ١٦ی مانگی رەزبەر هاووڵاتییەک بەناوی \" سەلاح شەریعەت پەنا\" خەڵکی گوندی \"ئیسلام ئاباد، لەلایەن ‌هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە درایە بەر دەستڕێژ و بە توندی بریندار بوو.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو رووداوە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند\" ئێمە لە کاتیکدا کەوتینە بەر دەستڕێژی هێزە نیزامییەکان، کە لەمەزرای خۆمانەوە بەرەو گوندی \"ئیسلام باد\" دەگەڕاینەوە.

هەنووکە \" سەلاح شەریعەت پەنا\" لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سەردەشت لەژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە و باری تەندروستی ئەو هاووڵاتییە کوردە ناجێگیر راگەیەندراوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای مانگی خەرمانانەوە هەتا ئێستا ١٤ هاووڵاتیی کورد بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە کوژراو و بریندار بوون کە لەکۆی ئەو رێژەیە ٧ کەسیان دەستبەجێ گیانیان لەدەست داوە.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بەسەرنجدان بە دۆخی ئەمنییەتیی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و نەبوونی میدیایەکی ئازاد بۆ رووماڵ کردنی هەواڵەکان، دەکرێ ئەو ئامارە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.