هاووڵاتییەکی بەلووچ لە زیندانی بەندەر عەباس ئێعدام کرا

18:32 - 2 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: ‌لە زیندانی ناوەندیی بەندەر عەباس، هاووڵاتییەکی بەلووچی خەڵکی شاری خاش، سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان ئێعدام کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٣١ گەلاوێژ، بەرپرسانی زیندانی ناوەندەیی شاری بەندەر عەباس، هاووڵاتییەکی بەلووچی خەڵکی شاری \"خاش\"یان لەسێدارە دا.

ماڵپەڕی کەمپینی چالاکانی بەلووچ، شوناسی ئەو هاووڵاتییە بەلووچەیان بە، ناوی\"حەبیب جەماڵزهی\"(شەهنواز) ڕاگەیاندووە.

هەتا ئێستا لە تۆمەتی وەپاڵدراوی ئەو هاووڵاتییە بەلووچە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نیە.

هەرلەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی پێنج‌شەممەی ڕابردوو، هاووڵاتییەکی دیکەی بەلووچ، لە شاری \"سیرجان\"ی سەر بە پارێزگای کرمان، بە تۆمەتی پەیوەندییدار بە مادەی هوشبەر ئێعدام کرا.

شوناسی کەسی ئێعدام کراو، بە ناوی \"ڕەزا ناروئی\" ڕاگەیەندراوە.

پاش ئێعدام کردن، تەرمی ئەو هاووڵاتییە بەلووچە، ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوە.

کانوونی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، لە ڕاپۆڕتێکدا بڵاوی کردۆتەوە، لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، (مانگی گەلاوێژ) لانیکەم ٧٦ی هەووڵاتی لە ئێران و کوردستان، لەلایەن دەسەڵاتی قەزاییەوە ئێعدام کراون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لەو ٧٦ هاووڵاتییە، ٢٩کەسیان بە تاوانی سیاسی_ئەمنیەتی، ٢٥ کەس بە تاوانی عەقیدەتی و هەروەها ٧ کەسی دیکە، حوکمی لە سێدارەدانەکەیان لە پێش چاوی خەڵک، بەڕێوەچووە.