هاووڵاتییەکی بۆکانی بە دانانی ٣٠ میلیۆن تمەن بارمتە لە زیندان ئازاد کرا

23:24 - 16 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی دانیشتووی شاری بۆکان بە سپاردنی بارمتەیەکی ٣٠ میلیۆن تمەنی، هەتا کاتی دادگایی کرانی بەشێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتی ١٦ی گەلاوێژ هاووڵاتییەکی سەقزی بەناوی \" یوسف ساڵح‌زادە\" کوڕی کەریم کە رێکەوتی ٢٢ی پووشەڕ لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرابوو، بەبڕیاری دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە زیندان ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردەی دانیشتووی شاری بۆکان، لە ماوەی ٢٥ رۆژی رابردوودا لە ناوەندە ئەمنیەکانی ئەو شارەدا لە دەستبەسەریدا بووە.

\"14462.jpg\"
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنیری کوردپای راگەیاند، یوسف ساڵح‌زادە لەماوەی دەستبەسەربوونیدا لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بەتوندی بەرەوڕووی لێپرسینەوەو ئەشکەنجە بۆتەوە و هاوکات بنەماڵەکەشی هیچ هەواڵێکیان لە چارەنووسی رۆلەکەیان نەبووە.

دەگوترێت کە ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٤٣ ساڵەیە لەماوەی دەستبەسەر بوونیدا لەبوونی پارێـزەر بێبەری بووە و هاوکات هێزە ئیتلاعاتییەکان تاوانی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران راگەیاندووە.

هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەکاتی دەستبەسەر کردنی \"یوسف ساڵح‌زادە\"دا، دەستیان بەسەر کۆمپیوتێر و کۆمەڵێک کتێب و کەلووپەلی شەخسیی ناوبراویشدا گرتبوو.