هاووڵاتییەکی بۆکانی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا

18:16 - 12 خەرمانان 2720

ڕۆژی سێشەممە ١١ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "مەنسوور ئەڵماسی" خەڵکی بۆکان، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تەمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "هێرانا"، ئازادکردنی "مەنسوور ئەڵماسی" بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تەمەنی بە شێوەی کاتی و هەتا کاتی دادگاییەکەی بووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، "مەنسوور ئەڵماسی" پێشتر لە ڕێکەوتی ١٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ، لەلایەن مەئموورانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە ورمێ دەسبەسەر کرا و بۆ گرتنگەی ئەو ناوەندە ئەمنییەتییە ڕاگوێزرابوو. ناوبراو لە ڕێکەوتی ٩ی گەلاوێژی ئەمساڵ پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکەی ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرابوو.

"هێرانا" تۆمەتی دژ بە ئەو هاووڵاتییە کوردەی بۆ "هاوکاری لەگەڵ گرووپە سەلەفییەکان" گەڕاندووەتەوە.

"مەنسوور ئەڵماسی" تەمەن ٢٩ ساڵ، خێزاندار و هاووڵاتیی خەڵکی بۆکانە و هەتا کاتی ئازادییەکەی لە بەندی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ورمێ بووە.