هاووڵاتییەک لە ماکۆ بەهۆی بەرکەوتنی پارچەی خومپارەی سپای پاسداران بریندار بوو

18:42 - 6 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی سنووریی ماکۆ لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا، هێزە نیزامییەکانی خۆی تەیار دەکات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزەکانی سپای پاسداران لە ناوچەی \"بوورالان\"ی ماکۆ جیا لە میلیتاریزە کردن، چەندین پایەگای نیزامییان دروست کردووە و دەستیان داوەتە تۆپ و خومپارە باران کردنی ئەو ناوچەیە.

هێزەکانی سپای پاسداران بە بیانووی بوونی هێزی چەکداری حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، ناوچەکانی \"ئاگری، بوزتەپە،ئاغگول و ئاجامی\"یان بە خەستی داوەتە بەڕ رەهێلەی تۆپ و خومپارە و بەو هۆیەوە هاووڵاتییەکی کورد بەناوی \"محەممەد رەسووڵ قزڵباشی\" تەمەن ١٨ ساڵ لە نزیک گوندی \"کۆلیک\" بەتوندی بریندار بووە.

دانیشتوانی ئەو گوندانە لەسەر ئەو باوەڕە دان کە جێگیر بوونی سپای پاسداران لەو پایەگایانە، دەبێتە لەمپەر لەبەر دەم بەخێو کردنی مەڕ و ماڵاتی هاووڵاتییان.

لەلایەکی دیکەوە و بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی بەربڵاو لە گوندەکانی ناوچەی ماکۆ دەستیان داوەتە کۆکردنەوەی ماهوارەی هاووڵاتییان و زیاتر لە ١٠٠ دەزگا و دیش، دەستی بەسەردا گیراوە.