هاووڵاتییەک بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" لە زیندانی نەغەدە لەسێدارە درا

11:26 - 21 جۆزەردان 2720

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی جۆزەردان، زیندانییەک بە ناوی "ڕەحیم یووسفی" خەڵکی گوندی "سووغانلوو"ی شاری پیرانشار، بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" لە زیندانی نەغەدە لەسێدارە درا.

ڕۆژی ڕابروو ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی و خەڵکی نەغەدە، بۆ وەرگرتنی لێخۆشبوون لە پێش دەرگای ماڵی کوژراوەکە و زیندانی نەغەدە کۆ بوونەوە، بەڵام هەوڵەکانیان بێئاکام بوو.

"ڕەحیم یووسفی" تەمەن ٤٠ ساڵ، خێزاندار و باوکی دوو منداڵە کە چوار ساڵ پێش، پاش خۆڕادەستکردنی بە ئیدارەی ئاگایی، دانی بەوەدا نا کە ساڵی ٨٥ بە شێوەی غەیرەعەمد یەکێک لە هاوڕێیەکانی خۆی بە ناوی "خالید نزاکتـ"ـی کوشتووە.

ئەو هاووڵاتییە پیرانشارییە لە کۆتاییدا و لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" بە قیساس مەحکووم کرا و حوکمی ناوبراو لە دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کرابووەوە.