هاووڵاتییانی سەقزی خوازیاری لێخۆشبوونی مەحکوومکراوێک بە ئێعدام بوون

11:37 - 1 بانەمەڕ 2720

ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی  سەقزی بە ئامادەبوون لە گەڕەکی "سەنگبڕانـ"ـی ئەو شارە، خوازیاری بەخشین و لێخۆشبوونی "شایان سەعیدپوور"، زیندانیی مەحکووم بە ئێعدام لەلایەن بنەماڵەی بکوژەکەوە (بنەماڵەی سلێمان ئازادی) بوون.

"شایان سەعیدپوور" لەگەڵ ٦ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "سینا محەممەدی خەڵکی دێولان، لوقمان ئەحمەدپوور خەڵکی بانە، واحید فەیزی خەڵکی بانە، ڕامیاری موخلسی خەڵکی بانە، سەعید محەممەدپوور خەڵکی کرماشان و عەدنان میرەکی خەڵکی سنە" کە تۆمەتی هەموویان "کوشتنی بەئەنقەستـ"ـە، بۆ جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانیان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی سنە کراون.

بنەماڵەی "شایان سەعیدپوور"، کاتژمێر ٢ی ڕۆژی دووشەممە ١ی بانەمەڕ، بۆ دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ کوڕەکەیان بانگهێشتی زیندانی سنە کراون.

ڕۆژی ٨ی خاکەلێوە، شایان سەعیدپوور لە ئەنجامی شۆڕش لە زیندانی سەقز توانی لە زیندان هەڵبێت؛ ئەو زیندانییە مەحکووم بە ئێعدامە دواتر لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرا.

ڕێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ٩٤، شایان سەعیدپوور لە کاتێکدا کە تەمەنی کەمتر لە ١٨ ساڵ بوو، لە ئەنجامی شەڕ و دەمەقاڵێ کە بوو بەهۆی کوشتنی کەسێک بە ناوی "سلێمان ئازادی"، لەو کاتەوە هەتا ئێستا لە زینداندایە.

ناوبراو مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧، لەلایەن لقی یەکی دادگای کەیفەریی یەکی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر "وەفاییان" بە ئێعدام مەحکووم کرا و ئەو حوکمەش لە مانگی بەفرانباری هەمان ساڵ لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرایەوە.