٢ هاووڵاتیی کورد بە هۆی سەرماوە لە کوێستانەکانی کوردستانی تورکیە رەق هەڵاتن

20:16 - 24 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ورمێ هاوڕێ لەگەڵ کەسێکی دیکەی خەڵکی شەمزینانی تورکیە لە کوێستانەکانی ئەو ناوچەیە بە هۆی بارینی بەفر و سەرمای لەڕادەبەدەر بوونە قوربانی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢١ی بەفرانبار هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"مەهدی حەنیفی\" کوڕی \"سەید\" خەڵکی گوندی \"چریاوا\" سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، لە کوێستانەکانی گوندی \"شکەوتان\"ی سەربە ناوچەی \"شەمزینان\"ی کوردستانی تورکیە هاوڕێ لەگەڵ یەکێک لە دانیشتوانی ئەو گوندە بە هۆی سەرمای لە رادە بەدەر رەق هەڵاتوون و لە ئەنجامدا گیانیان لەدەست داوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو رووداوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: \"مەهدی حەنیفی\" بەمەبەستی کار کردن رووی لە کوردستانی تورکیە کردبوو کە رۆژی ٥ شەممە بە هۆی سەرماوە گیانی لەدەست دا و تەرمی ناوبراو رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٣ی بەفرانبار لەلایەن دانیشتوانی گوندی \"شکەوتان\"ــەوە دۆزراوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە رۆژی ٢٠ی بەفرانبار سەربازێکی هێزی ئینتزامی بە ناوی \"موحسین سەفەری\" خەڵکی شاری \"ئەراک\" لە ناوچەی سنووریی سەرشیوی سەقز و لە نزیک گوندی بەستام بە هۆی سەرماوە رەق هەڵاتبوو کە تەرمی ناوبراو رۆژی رابردوو دۆزرایەوە.

هەواڵدەریی حکوومەتیی \"فارس\" لە زاری \"مەحموود موزەفەر\" بەرپرسی \"رێکخراوی ئیمداد و فریا کەوتن\"ــەوە بڵاوی کردەوە: لە ماوەی ٤ رۆژی رابردوودا زیاتر لە ٥٤ هەزار کەس لە ١٨ پارێزگای وڵاتی ئێران بە هۆی بارینی بەفرەوە تووشی رووداو بوون کە لە کۆی ئەو رێژەیە ٢٣٩ کەسیان گیانیان لەدەست داوە و ئەوانی دیکە رزگار کراون.