هاوسەرۆكی پەیەدە: ئاگاداری كۆبونەوەكەی هەولێر نەبووین، بۆیە كارەكانمان لە لیژنەی باڵای كورد راگرت

15:09 - 14 گەلاوێژ 2712
ئاژانسی كوردپا: بەهۆی بەشداری نەكردنیان لە كۆبونەوەی نێوان وەزیری دەرەوەی توركیە لەگەڵ‌ ئەنجومەنی نیشتمانیی سووریە و چەند ئەندامی لیژنەی باڵای كورد، پەیەدە كارەكانی لە لیژنەكە راگرت.

بەپێی راپۆرتێك كە ماڵپەڕی ئاوێنە نیووز بڵاوی كردۆتەوە، لە سەردانێكدا كە ئەحمەد داوود ئۆغڵوو وەزیری دەرەوەی توركیە بۆ هەولێر ئەنجامی دا، پاش دیداری لەگەڵ مەسعوود بارزانی، لەگەڵ‌ عەبدولباست سەیدا \"بەرپرسی ئەنجومەنی نیشتمانیی سووریە\" و 5 كەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردی سووریەش كۆبووەوە و ئاشكرا بوو بەرلە كۆبوونەوەكە 5 ئەندامەكەی تری لێژنەكە ئاگادار نەكراونەتەوە، لەسەر ئەو رووداوەش بەهێزترین پێكهاتەی لیژنەكە رایگەیاند كە بڕیاریان داوە هەتا ئاشكرابوونی رووداوەكە چاوپێكەوتن و دیدار لەگەڵ لایەنەكەی تر ئەنجام نادەن.

ساڵح محەمەد موسلیم ئەندامی لیژنەی باڵای كورد و هاوسەرۆكی پارتی یەكیەتیی دێمۆكراتی ( PYD) بە فۆرات نیوزی راگەیاندووە بەبێ ئاگاداریی ئەوان كۆبوونەوەیەكی بەو شێوەیە ئەنجام دراوە، بڕیارێكی هاوبەش جێگای باس نیە، وتی: \"ئێمە كارە هاوبەشەكانمان راگرت، تا رووداوەكە ئاشكرا دەبێت، كۆبوونەوەكانی خۆمان لە قامیشلۆ ئەنجام دەدەین\".

ساڵح محەمەد موسلیم بە پێویستی زانی هەموو شتێك بە شەفافی بێت، گەر كۆبوونەوەیەك دەكرێت ئەوا بەپێی رێككەوتنی نێوانیان دەبێ بە بڕیاری هەر دوو لابێت.

ئەوەشی ئاشكرا كردووە، \"بێ ئەوەی را و بۆچوونمان وەربگیرێت (5) ئەندامەكەی تر بەشداری كۆبوونەوە بوون. كێ ئەم كۆبوونەوەیەی رێكخست، كێ پێشەنگایەتی كرد، دەمانەوێ ئەمانە ئاشكرا بكرێن\".

لە شاری هەولێر لەنێوان رۆژانی 19 و 20ی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، هەردوو \"ئەنجومەنی گەلی رۆژئاوای كوردستان و ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردی سووریە\" بڕیاری دامەزرانی لێژنەی باڵای كوردیان دا.

لە چوارچێوەی (رێككەوتنی هەولێر) دا لەسەر 7 خاڵ رێككەوتن، رێكەوتی 3ی گەلاوێژ لیژنەكە كەلە 10 كەس پێكهاتووە لە قامیشلوو بە رای گەشتی راگەیەنرا، بەر لەو رێكەوتەش لە 1 هەتا 3ی مانگی گەلاوێژدا شارەكانی \"كۆبانێ، عەفرین، دێركا حەمكۆ و عامودە\" لەلایەن هێزە كوردییەكان و خەڵكی كوەردی سووریەوە دەستیان ئازاد كران و یەكینەكانی پاراستنی گەل( YPG) دامەزران.