"هاجەر سەعیدی" بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرا

11:26 - 23 گەلاوێژ 2720

ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی گەلاوێژ، حوکمی ٥ ساڵ زیندانیی تەعلیقی بۆ ماوەی چوار ساڵ لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سنە بە "هاجەر سەعیدی"، چالاکی مافی ژنان ڕاگەیەندرا.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو چالاکە کوردە، ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی گەلاوێژ، لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" بەڕێوە چوو و دادگا ناوبراوی بە "ئەندامیەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران، بەشداری لە کۆبوونەوەی نایاسایی و پەیوەندی لەگەڵ چالاکانی کرێکاری" تۆمەتبار کردووە.

ئەو ژنە چالاکەی مافی ژنان، لە کۆبوونەوەی دادگایی کردنیدا، تەواوی تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی ڕەت کردبووەوە.

بەپێی ئەو حوکمە داسەپاوەی دادگا، "هاجەر سەعیدی" دەبێ هەر چوار مانگ جارێک خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بناسێنێت.

ڕۆژی چوارشەممە ٤ی پووشپەڕ، "هاجەر سەعیدی" پاش ١٨ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بە دانانی کەفالەت ئازاد کرا.

ئەو چالاکەی مافی ژنانە، لە دەیەمین ڕۆژی دەسبەسەرکرانیدا بۆ بەندی "نسوانـ"ـی زیندانی ناوەندیی شاری سنە ڕاگوێزرابوو. ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرییدا هەتا ئێستا هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی جۆزەردان، مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات بە هێرش کردنە سەر ماڵی ئەو ژنە بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەریان کردبوو. "هاجەر" لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانیی کرێکاران، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرابوو.