نیگارکێشێکی مەهابادی کۆچی دوایی کرد

14:30 - 27 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: هونەرمەندێکی دەسڕەنگینی کورد خەڵکی شاری مەهاباد، کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ هەینی ٢٧ی ڕەزبەر، هەنەرمەندێکی نیگارکێشی پەنجەرەنگینی شاری مەهاباد بە ناوی \"ئیسماعیل پاکزاد\" ناسراو بە سمکۆ، ماڵاوایی لە کۆڕی هونەرمەندانی کوردستان، کرد.

ئەو هونەرمەندە کوردە، هەتا ئێستا وێنەی نزیکەی ١٥٠ کەسایەتی لە شاعیر، نووسەر، مێژوونووس، وەرگێڕ، بەیت‌بێژ، گۆرانی و مۆسیقاکاری کوردی کێشاوەتەوە و نزیکەی ٢٠ پێشانگای تایبەتی و گشتی لە شاری مەهاباد و لە شاری سلێمانی لە مۆزەخانەی ئەمنە سوورەکە داناوە.

ئیسماعیلی پاکزاد، \"سمکۆ\" دانیشتووی شاری مەهاباد بوو و نزیکەی نیوسەدەی ژیانی لە مەهاباد تێپەڕاند، لە مەهاباد دەرسی خوێندووە و ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی دیپلۆمی وەرگرتووە.

ئەو نیگارکێشە کوردە، لە ساڵی ٥٥ی هەتاوی چۆتە خانەی جەوانان لە مەهاباد و لەلای مامۆستا حوسێن قەلعە‌جوغەیی فێری نیگارکێشی و شێوەکاری بووە، لە ماوەی دوو ساڵدا گەیشتووەتە ئەو ئاستە کە لە کێبڕکێی خانە جەوانانی ئێراندا سەر کەوتن بەدەس بهێنێت بە سەد ئیمتیاز و میداڵی زێڕی وەرگرت؛ دوای شۆڕش و لێک ترازانی هەموو شت، بۆ خۆی درێژەی بەکاری نیگارکێش داوە، تا کۆتایی تەمەنی بەردەوام بووە.

تەرمی ئەو هونەرمەندە نیگارکێشە، ئەمڕۆ لە گۆرستانی شاری مەهاباد ئەسپەردەی خاک دەکرێت.