ئاژانسی کوردپا: ٥ زیندانی سوننی مەزهەب لە گرتووخانەی شاری ورمێ بە ١٥ ساڵ و ٩ مانگ زیندانی لە لایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە مەحکووم کران.
٥ زیندانی سوننی مەزهەب لە گرتووخانەی ورمێ بە ناوەکانی "ئیبراهیم مواردی" بە سێ ساڵ زیندان، "محەممەد نیکزاد" بە ٩ مانگ، "ئەحمەد قەنبەر دوست"بە ٣ ساڵ، "محەممەد قەنبەر دوست" بە ٤ ساڵ، "قادر سەلیمی" بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کراون.
لقی دووی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، حوکمی ١٥ ساڵ و ٩ مانگ زیندانی بە سەر ٥ زیندانی سوننی مەزهەب لەو گرتووخانەیەدا سەپاند؛ ئەم کەسانە تۆمەتی هێرش بۆ سەر "بینای مەجلیس و گۆڕی خومەینی و هاوکاری کردن لەگەڵ گرووپە تەکفیرییەکان" دراوەتە پاڵ.
ئەو پێنج زیندانییە سوننی مەزهەبە، حەوتوویەک پاش هێرش بۆ سەر گۆڕی خومەینی و بینای مەجلیس دەسبەسەر کران.
ساڵی ڕابردوو، لە دوو هێرشی چەکدارانەدا، بۆ سەر گۆڕی خومەینی و مەجلیسدا، ژمارەیەک کەس کوژران و بریندار بوون؛ هەر لەو کاتەشدا گرووپی داعش ئەو هێرشەی لە ئەستۆ گرت.
هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی شەممە ١٦ی پووشپەڕ، ٨ هاووڵاتیی کورد، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە ڕێکخراوی تێرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی شام و عێراق ناسراو بە (داعش) و هێرش بۆ سەر گۆڕی خومەینی لە سێدارە دران.





