نوێترین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی لەمەڕ ئازار و ئەشکەنجەکردنی ناڕازییانی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨

18:07 - 12 خەرمانان 2720

 ڕاپۆرتێک لەژێر ناوی "تێکڕووخانی مرۆڤ"

دەسبەسەرکردنی بەربڵاو، بێسەروشوێن کردن و ئەشکەنجە، پاش کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨ لە ئێران

ئەشکەنجەی بەربڵاو و لێدان، قامچی، شووکی ئەلیکتریکی، هەڵواسین، ئێعدامی شانۆیی، خنکاندنی دەستکرد، ئازاری جینسی، پێدانی زۆرەملێی ماددەی کیمیایی و بێبەریکردن لە چاوەدێریی پزیشکی

دادگایی کردنی سەدان کەس بە تۆمەتی ئەمنییەتیی بێ‌ بنەما لەگەڵ پێشێلکاریی توندی پێوەرەکانی دادڕەسیی دادپەروەرانە

داسەپاندنی حوکمی ئێعدام بەپێی "دانپێدانانی" زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجە

ڕێکخراوی لێبوقردنی نێونەتەوەیی ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاپۆرتێکدا کە بڵاوی کردووەتەوە باس لەوە دەکات کە مەئموورانی هێزەکانی ئینتزامی، ئیتلاعاتی و ئەمنییەتی و بەرپرسانی زیندانەکان، بە هاوکاریی دادوەرەکان و دادستانەکان، تووشی کۆمەڵێک حاڵەتی پێشێلکاریی توندی مرۆیی بوون.

ئەو ڕاپۆرتەی ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی پێک دێت لە دەسبەسەریی خۆسەرانە، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، ئەشکەنجە و چەند هەڵسوکەوتێکی بێبەزییانە و نامرۆڤانە دژی دەسبەسەرکراوەکانی ناڕەزاییە سەرتاسەرییەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨.

ئەو ڕاپۆرتە لەژێر ناوی "تێکڕووخانی مرۆڤایەتی"، دەسبەسەر کردنی بەربڵاو، بێسەروشوێنکردن و ئەشکەنجە پاش ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨ لە ئێران، گێراونەوە بەڵگەمەندی دەیان کەس لە ناڕەزایەتییەکان، ڕێبوران و خەڵکی دیکەیە کە لەوپەڕی توندوتیژی دەسبەسەر کراون، بە شێوەی زۆرەملێ بێسەروشوێن کراون، لە ژوورە تاکەکەسییەکان و بەبێ ئیمکاناتی پەیوەندی گرتن لەگەڵ دونیای دەرەوە ڕاگیراون، بە شێوەی سیستماتیک لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر لە ماوەی لێپرسینەوەیاندا، بێبەری کراون، بۆ وەرگرتنی "دانپێدانانی" زۆرەملێ ئەشکەنجە دراون. ئەم ئازار و ئەشکەنجە دراوانە، بەشێک لەو ٧ هەزار پیاو، ژن و منداڵ بوون کە لەلایەن بەرپرسانی ئێرانییەوە لە ماوەی سەرکوتکردنی خوێناوی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان و تەنیا لە ماوەی چەند ڕۆژ دەسبەسەر کراون.

بەرکەوتووانی ئازار و ئەشکەنجە کراوەکان پێک دێن لە منداڵانی کەم تەمەنی ١٠ ساڵە و هەروەها ناڕازییەکان و شایەتحاڵەتەکان کە لە ناوەندە دەرمانییەکان و هەروەها لە کاتی وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکی کە لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدا بوون بە تەقەی هێزە نیزامییەکان پێکراون دەسبەسەر کراون؛ هەروەها داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ بە تایبەتی چالاکانی مافی نەتەوەکان، هەواڵنێران و کەسانێک کە لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی کوژراوەکان لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەشدارییان کردبوو. سەدان کەس، پاش دادگاییکردنی نادادپەروەرانە لەلایەن دادوەرە قین لە دڵەکانەوە لە پشتی درگا داخراوەکان بەڕێوە چووە. زۆربەی ئەو کەسانە دادگاییەکەیان کەمتر لە کاتژمێرێک درێژەی کێشاوە و بە شێوەی سیستماتیک دانپێدانانی زۆرەملێیان لەژێر ئازار و ئەشکەنجە لێ وەرگیراوە، بە زیندان و قامچی مەحکووم کراون و  هەروەها چەندین کەس لەگەڵ حوکمی لەسێدارەدان بەرەڕوو بوونەتەوە.