ناڕەزایەتیی خوێندکارانی زانکۆی بووعەلی سەبارەت بە مەرگی گوماناویی کچە خوێندکارێکی کورد + وێنە

11:59 - 21 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: نابەرپرسیارەتیی بەرپرسانی \" زانکۆی بوعەلی\"ی هەمەدان سەبارەت بە مەرگی گوماناویی کچە خوێندکارێکی کوردی خەڵکی مەریوان، ناڕەزایەتیی بەرینی خوێندکارانی ئەو زانکۆیەی لێکەوتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژنسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش تێپەڕ بوونی دوو رۆژ بەسەر مەرگی گومانیی \"سەحەر چووینی\" کچە خوێندکاری مەریوانی لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی هەمەدان، ئەمڕۆ شەمەمە زیاتر لە ١٠٠٠ کەس لەخوێندکارانی کورد و غەیرە کوردی ئەو زانکۆیە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەبڕین بە کەمتەرخەمیی بەرپرسانی زانکۆ لەمەڕ بەدواداچوونی پەروەندەی ئەو کچە خوێندکارە، لەبەردەم ئەو زانکۆیەدا کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان پێک هێنا.

ئەردەڵان باستانی یەکێک لە خوێندکارانی زانکۆی زانستە پزیشکیهیەکانی هەمەدان بە هەواڵنێری کوردپای رایگەیاند، بەرپرسانی زانکۆ بەبێ هیچ چەشنە لێکۆڵینەوەیەک، هۆکاری مردنی \"سەحەر چووینی\"یان خوکۆژی لەقەڵەم داوە، ئەمەش لە حاڵێک دایە کە هەتا ئیستا پزیشکی دادوەری هیچ ئەنجامێکی سەبارەت بە هۆکاری مردنی ئەو کچە خوێندکارە رانەگەیاندووە.

باستانی گوتیشی؛ \"هۆکاری مردنی سەعەر چوونی، خۆ کوژی نەبووە، چونکە ئەو نەتەنیا هێچ کێشەیەکی دەروونی نەبوو، بەڵکوو ئەو شەوەی کە گیانی لەدەست دابوو، سەرجەم جلوبەرگەکانی خۆی ئوتوو کردبوو، و هەتا درەنگانی شەو لەگەڵ چەند کەس لە کچەخوێندکارانی دیکە سەرقاڵی شایی و هەڵپەڕین بوون.

ئەو خوێندکارە رایگەیاند، سەحەر بەتەنیا لەو ژوورەدا مابوویەوە و کۆمەڵێک کرێکاری سیم کەش و لوولەکەش لە بەشی خەوتنگەی ئەو زانکۆیە سەرقاڵی کار کردنن کە ئەم مەسەلەیەش گومانی لای خوێندکارانی ئەو زانکۆیە دروست کردووە کە بەرپرسانی زانکۆ تەنیا بۆ پەردەپۆش کردنی ئەم مەسەلەیە هۆکاری مردنی ئەو کچە خوێندکارەیان خۆکوژی لەقەڵەم داوە.

خوێندکارانی ناڕازیی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی هەمەدان خوازیاری هەرچی زووتر بە دواداچوونی ئەم مەسەلەیە و روون کردنەوەی راستییەکان بوون.

سەرحەر چووینی تەمەن ١٩ ساڵ و خوێندکاری تێرمی دووەمی رشتەی پەرستاریی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی شاری هەمەدان و خەڵکی شاری مەریوان بوو.

تەرمی ئەو کچە خوێندکارە سەرلە بەیانی رۆژی هەینی و رۆژێک پاش گیان لەدەست دانی لە یەکێک لە ژوورەکانی خەوتنگەی تازە دروستکراوی زانکۆی \"بوعەلی\"ی شاری هەمەدان‌دا دۆزرایەوە.

بەرپرسانی ئەو زانکۆیە لە وەڵامدانەوە بە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ئەو خوێندکارانە سەبارەت بە مردنی سەحەر چووینی، خۆیان بواردووە.
\"16000.jpg\"

\"15999.jpg\"

\"16003.jpg\"

\"16002.jpg\"