ناڕەزایەتی دەربڕینی كرێكارانی شیركەتی \"پویا غرب\"‌ی كرماشان لەبەردەم ئوستانداری

15:25 - 10 سەرماوەز 2713
ئاژانسی كوردپا: ٤٠ كەس لەكرێكاران و كارمەندانی شیركەتی پوویا غەرب بە نیشانەی زەوت كردنی خانووەكانیان، لەبەردەم ئوستانداریی و دەفتەری ئیمام جومعەی كرماشان كۆبوونەوە و ناڕەزایەتیان دەربڕی.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، خاوەنی شیركەتی پوویا غەرب چەند ساڵ لەمەوبەر چەندین بینای بۆ كرێكاران و كارمەندانی ئەو شیركەتە دروست كرد و بە شێوەی قەرز پێیداون و لەبری ئەو كارە سەنەدی خانووەكانی وەكوو وەسیقە لای بانكی سادرات و تجارەت لەكرماشان داناوە.

\"17124.jpg\"
خاوەنی شیركەتی پوویا غەرب بە هیچ شێوەیەک ئامادە نیە قەرزی بانكەكان بداتەوە و ئەو دوو بانكەش لەبری قەرزەكانیان دەستیان بەسەر بیناكاندا گرتووە
خاوەنی ئەو شیركەتە قەرزێكی زۆری لە ئەو دوو بانكە وەرگرتووە و لەبری دانەوەی ئەو قەرزە سەنەدی خانووەكانی كارمەندانی شیركەتەكەی وەكوو بارمتە بە بانكەكان داوە.

بەوتەی خاوەن خانووەكان، خاوەنی شیركەتی پوویا غەرب بە هیچ شێوەیەک ئامادە نیە قەرزی بانكەكان بداتەوە و ئەو دوو بانكەش لەبری قەرزەكانیان دەستیان بەسەر بیناكاندا گرتووە.

ئەو ٤٠ كرێكار و فەرمانبەرە وتووشیانە، \"ئێمە بە تەواوەتی قەرزی خانووەكانمان بە خاوەن شیركەتەكە داوە و هەنووكە بانكی سادرات و تجارەت ئێمە بە خاوەنی خانووەكان نازانێ‌\".

ئەو ٤٠ كەسە هاوڕێ‌لەگەڵ بنەماڵەكانیان رۆژی شەممە رێكەوتی ٩ی سەرماوەز بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەردەم ئوستانداری كرماشان كۆبوونەوە و دواتریش چووبوونە بەر دەم دەفتەری ئیمام جومعە.

بەوتەی شایەتحاڵان ئەو هاووڵاتییانە هیچ وڵامێكیان وەرنەگرتۆتەوە و دواتر چوونە سەربانی \"موجتەمەعی ئاپارتمانەكانی پوویا غەرب\" و دەستیان بە دروشم دان كردووە.

شیركەتی پوویا غەرب لە ٨ كیلۆمیتری جادەی سنە هەڵكەوتووە و كاری بەرهەمهێنانی \"كابڵی فشار قەوی ئاڵۆمینیۆمی\" دەكات.